AP ١٤٠١ خەرمانان ٢٧ ٠٨:٥٠

لەسەر پرسی سەرۆك کۆمار؛

چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیارێکی نوێ بە پارتی و یەکێتی دا

چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیارێکی نوێ بە پارتی و یەکێتی دا

لەسەر پرسی یەكلایی كردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوێترین پەیامیدا بۆ یەكێتی و پارتی ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێككنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بە دوو كاندیدەوە بڕۆنە هۆڵی پەرلەمان.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەسەر پرسی یەكلایی كردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوێترین پەیامیدا بۆ یەكێتی و پارتی ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێككنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بە دوو كاندیدەوە بڕۆنە هۆڵی پەرلەمان و پارتیش دەستی بە هەڵمەتێكی نوێ كردووە.

دوای سەركردەی لایەنەسیاسیەكان ڕایانگەیاند، لە دوای چلەی ئیمام حسەینەوە، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستپێدەكاتەوە، هەوڵەكان بۆ یەكلایكردنەوەی كادیدی سەرۆك كۆماریش لە نێوان یەكێتی و پارتیدا دەستیپێكردووە.

لەسەر ئەو پرسە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداوە بە شارپرێسی ڕاگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بە پارتی و یەکێتییان وتوە: پێمان خۆشە ڕێکبکەون و بە یەک کاندیدەوە بێنە پێشەوە بۆ پێکھێنانی حکومەت و سەرۆککۆمار، بەڵام ئەگەر ھەر نەگەشتنە ڕێککەوتن ئەوا ئاساییە و با بە دوو کاندیدەوە بێنە کۆبونەوەی پەرلەمان و بە شێوەیەکی دیموکراسی و ھەڵبژاردن سەرۆککۆمار دیاریدەکەین.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: پارتیش دەستیکردووە بە ھەڵمەتێک بۆ ئەوەی ئەگەر لەگەڵ یەکێتی نەگەشتنە ڕێککەوتنی یەکجاری و ناچاربوون بە دوو کاندیدی جیاوازەوە بچنە پەرلەمان، دەنگی زۆرینە مسۆگەر بکەن بۆ کاندیدەکەیان، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان کردوە بە قسەکردن لەگەڵ ھێزە عێراقیەکان و پەرلەمانتارانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر ئاستی کەسی و بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆش.

لە ھەمانکاتدا پارتی دەیەوێت دورکەوتنەوە لە سەدرییەکان بکاتە خاڵی نزیکبونەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و وەک ھەنگاوێک لەبەرژەوەندی چوارچێوە وێنای بکات، لە بەرامبەردا چوارچێوە ھەماھەنگی بخاتە بەردەم داوای لێک نزیکبونەوەوە.

لە دوای دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، یەكێتی بەرهەم ساڵح و پارتی ڕێبەر ئەحمەدیان بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كرد.

لە ئێستادا دوای زیاتر لە 11 مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هێشتا لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

News ID 43537

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha